ئاسایشی هه‌رێم ده‌ستگیركردنی 22 ئه‌ندامی داعشی له‌ سلێمانی و ده‌وروبه‌ری راگه‌یاند

by Umed Hawleri

ئەربیل(هیلال میدیا)- ئەمڕۆ سێشممە لە بەشێکی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەست بەسەر باندێکی گەورەی داعشدا گیرا.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی تۆڕێکی گەورەی داعشی راگەیاند، کە والی فەللوجەی تیادایە و لە 22 ھەڵمەت و ئۆپراسیۆنی جیاجیادا لە سلێمانی، گەرمیان، چەمچەماڵ، سەیدسادق و پشدەر 22 كه‌سی سه‌ر به‌و رێكخراوه‌ دەستگیرکراون و روبەڕوی یاساو دادگا کرانە.


له‌ راگه‌یه‌نراوێكی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، لە هەڵمەتێکدا کەماوەی دو مانگی خایاندوە 22 ئۆپراسیۆنی جیاجیا لە سلێمانی، گەرمیان، چەمچەماڵ، سەیدسادق و پشدەر ئەنجامدران، “22 كه‌سی سه‌ر به‌ داعش دەستگیراون کە یەکێکیان ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلـلوجەیە کە بەناسنامەی ساختەوە ھاتبوە سنوری ھەرێمی کوردستان”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئه‌و گروپه‌ی داعش “لە چەند شارێکی ھەرێم  لەخۆڕێکخستندابون و مەرامیان بو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجامبدەن، بۆیە بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم،  ئاسایشی سلێمانی لەسەر ئەم کەیسە، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد”.

دەقی راگەیەنراوەکەی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان:
 

دەزگای ئاسایشی ھەرێم پیلانێکی تیرۆریستانی داعش ئاشکرادەکات کە لەخۆڕێکخستن و ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی بون و لە 22 ھەڵمەت و ئۆپراسیۆنی جیاجیادا لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق و پشدەر 22  تیرۆریست دەستگیردەکەن و رووبەڕووی یاساو دادگایان دەکەنەوە 
کە یەکێکیان تیرۆریستی ھەرەتاوانبار ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلوجە یە کە بەناسنامەی ساختەوە ھاتبووە سنوری ھەرێمی کوردستان.

پاش کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگە لەسەر تاقم و گروپێکی تیرۆریستی داعش کە لە چەند شارێکی ھەرێم  لەخۆڕێکخستندابون و مەرامیان بو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.

 بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ،  ئاسایشی سلێمانی لەسەر ئەم کەیسە، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و پاش گەڕان و شەونخونی و چاودێریکردنیان و کۆکردنەوەی زانیاری ، سەرەداو بەدەستھات و تەواوی جموجۆڵەکانشیان خرایە ژێرچاودێری و پیلانەکانیان ئاشکراکران و ناسنامە و زانیاری کەسی تیرۆریستان دەست ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی کەوت .

دوای رەزامەندی بەڕێز  دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەچەند ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھاوبەش لە ژێرچاودێری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی،  گەرمیان ، رۆژئاوای سلێمانی ، شارەزوور ، راپەڕین ھەر 22  تیرۆریستەکە کەلەچەند شانەیەکی نەنوستوی داعش خۆیان رێکخستبو،  پێش ئەوەی مەرامەکانیان بۆ تێکدانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک جێبەجێبکەن دەستگیرکران.

ئۆپراسیۆنەکان بەم شێوەی خوارەوە بون؛

رۆژی 2021/2/25 تیرۆریست ( ز . س ) ناسراو بەئەنەس کوردی ، دوای چاودێریکردنی کە بەنیازبوو ھەڵبێت بۆ دەرەوەی ھەرێم ، لەلایەن ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی راپەڕین و شارەزور  ، لە پشدەر دەستگیرکرا .

تیرۆریستی تاوانبار لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەساڵی 2019 فکری توندڕەوی داعشی وەرگرتوە و ساڵی 2020 پەیوەندی بەستوە بە گروپێکی تیرۆریستی لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق کەپیلانی دانانی ئاڵای داعش و کردەوە تیرۆریستیەکەیان دانابوو لەو شارە ، و چەندین تیرۆریستی فێری دروستکردنی عەبوەو مادە تەقەمەنییەکان کردوەو  مەرامیان بوە چەند کردەوەیەک ئەنجامبدەن و ھیجرەت بکات بۆناو داعش .

رۆژ 2021/3/25ی لە رێوشوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵ و ھەڵمەتێکی گەورەو سەرکەتووی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لەچەمچەماڵ تیرۆریستی ھەرەتاوانبار و لەیاسا ھەڵھاتو(  ح . م ) ناسراو بە ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلوجە دەستگیرکرا کەدەستی سورە لەچەندین  کردەوەی تیرۆریستی و دژبەمرۆڤایەتی 

کە سەرەتا پەیوەندی ھەبوە بەرێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەو لەساڵی 2014 بەیعەتی داوە بەتیرۆریستانی داعش و وەک چەکدارێکی ھەرەتاوانبار بەشداری و سەرپەرشتیی دەیان کردەوەی تیرۆریستی کردوە دواتر کراوە بە جێگری والی ویلایەتەکانی باکور و پاشان بووە بە والی و ئەمیری فەلوجە.

رۆژی  2021/4/1 لەچەند ھەڵمەتێکی تری  ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان ھەرسێ تیرۆریستی تاوانبار ( چ .ف ) ناسراو  ابودردا و یونس کوردی و ( م . ح ) و ( م .ح .ع ) ناسراو بە عەلی کوردی لەکەلار دەستگیرکران .

لەلایەکی ترەوە ھەمان شەو تیمێکی سەربازی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە چەمچەماڵ لە پێنج ھەڵمەتی سەرکەوتو و پشتبەستو بەزانیاری ورد 5 تیرۆریستی تر لەیەک کات و ساتدا دەستگیرکران کە پێکھاتبون لەتیرۆریستان  (ئ . ھ ) ( ش . ب ) ناسراو بە ھاران و ( س . ن ) و ( ھ .ئ ) و ( ئ . ن ) 

لێکۆڵینەوەکان بەردەوام بون و بەدواداچوونەکان چڕترکرانەوە و لە رۆژی 2021/4/2 لە ھەشت ئۆپراسیۆنی سەرکەوتوی  ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی گەرمیان ھەشت تیرۆریست تری ھەمان شانەی نەنستوی داعش دەستگیرکران کە ( ھ .ع ) و ( م .ن ) لە کفری و ( د.س ) ناسراو بە ( د . بوخاری ) و ( ش . ع ) و ( ع .ع ) ناسراو بە بن لادن کوردی و ( ئ .ح ) ناسراو بە ئەبو شەھاب و ( م .ج ) ناسراو محەمەد کوردی لە کەلار و ( م .ن ) لە باوەنور دەستگیرکران .

ھەر پەیوەست بەم تاقم و گروپە  توندڕەوانەی تیرۆریستانی داعش ، ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان رۆژی 2021/4/3 ھەر لەکەلار تیرۆریست ( م. ئ ) ناسراو بە حەبیب دەستگیراو پاش رۆژێک 4/4 ھەردوتیرۆریست ( ر .ئ ) و ( ج .س) ناسراو بە ئەبو ئەنەس لە سلێمانی و ( ئ. ح ) لە کفری دەستگیرکران. 

پاش لێکۆڵینەوەو وەرگرتنی وتەی تیرۆریستان و داننان بە تاوانەکانیان ئاشکرایانکرد ، پیلانیان بوە چەند شانەیەکی نەنوستوی داعش دروستبکەن لەھەرێم و خۆیان بۆ چەند کردەوەیەک ئامادەبکەن ، راھێنانیانپێکراو لەسەر دروستکردنی عەبوەو مەوادی تەقەمەنی و پیلانیان داناوە بۆ تەقاندنەوەی چەند شوێنێک و رفاندنی خەڵک و  تیرۆرکردنی ئەفسەرانی ئەمنی بەتایبەت ئەوانەی رۆڵیان ھەیە لەروبەڕوبونەوەی تیرۆر ، لەگەڵ شکاندنی کێلی شەھیدانی روبەڕوبونەوەی داعش ، ئەوەی مایەی سەرنج و ھەڵوەستەشە تیرۆریستان لەرێگای تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە فیکری توندرەوی داعشیان وەرگرتوەوە و ھەمان تۆڕیان بەکارھێناوە بۆ فراوانکردنی تاقم و گروپەکانیان و چەندین پەیج و ئەکاونتیان داناوە بۆ بانگەشەکردن و وانەی تەکفیر و توندڕەوییان خوێندوەو  تەکفیری ھەر مامۆستایەکی ئاینی و ھاووڵاتییەکیان کردەوە کە لەژێرگاریگەری بیری توندڕەوییان نەبووبێت . 

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ، لەبەرامبەر ئەم ھەڵمەتە گەورەو سەرکەوتوەی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ، گەرمیان ، رۆژئاوای سلێمانی ، شارەزور ، راپەرین  ، سوپاس و پێزانینی بێپایان دەردەبڕێت ، بۆ ماندوبون و شەونخونی و ئازایەتی ئەو ئەفسەرو کارمەندانەی ئاسایش کە وەک سەربازی ون لەخەمی  ئۆقرەیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئارامی ھەرێمدان و بەگیانیان سەروماڵی خەڵک دەپارێزن ، ئەمە دەرخەری ئەو راستیەشە ھەمو تۆمەتبارانی یاسا شکێن و تیرۆریستان و سەرپێچیکاران و پێشێلکاران و ئەوانەی دادگا داوایاندەکات ، لەدەست ھێزەکانمان رزگاریان نابێت و ھەر پیلانێکیان ھەبێت سەرئەنجام پێش جێبەجێکردنی پشت بەخوای گەورە ئاشکرادەکرێن و راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن . کەلەپشت ھەمو سەرکەوتنەکانیشماندا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان رۆڵی دیارو بەرچاویان ھەیە لەھاوکاری و پشتیوانیکردنی ھێزەکانمان کە جێگای پێزانین و ستایشی بەردەواممانە .

 1,469 خوێنەر

Related Articles

Leave a Comment

دواین هەواڵ