هیمداد سەباح: توركیا دەوڵەتی یاسایە و هێرشكاران سزا دەدات

by Umed Hawleri

هیلال میدیا – هەولێر

سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بەرووداوی هێرشكردنە سەر خێزانە كوردەكەی خەڵكی شاری هەولێر لە پارێزگای مەرسین رایگەیاند، توركیا دەوڵەتی یاسایە و هێرشكاران لە سزاكانیان دەرباز نابن.

شەوی رابردوو هەینی 14ی ئایاری 2021، هیمداد سەباح بیلال لەمیانی بەشداریكردنی لە بوڵتەنی راستەوخۆی هەواڵەكانی كاژێر سفر لە تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی رووداوی هێرشكردنە سەر خێزانە كوردەكەی خەڵكی شاری هەولێر و برینداركردنی هاووڵاتیی موشتاق مەحموود كەریم رایگەیاند، توركیا و هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی پتەوی سیاسیی و ئابووری و بازرگانیی و كۆمەڵایەتییان هەیە و هیچكامیان ناخوازن رووداوی بەمشێوەیە سەرهەڵبدات و كاریگەری بخاتە سەر پەیوەندییەكانیان.

سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان كە هاوكات ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤە، بە رووداوی گوت “توركیا دەوڵەتی یاسایە گومان لەوەدانییە هێرشكاران بەسزای خۆیان دەگەن و دەستگیركردنیان لە هەمان رۆژی رووداوەكەدا دەرخەری ئەو راستیەیە”.

هیمداد سەباح بیلال راشیگەیاند، ئێمەی توركمان پردی راستەوخۆی بونیاتنانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاین، رێگەنادەین رووداوێكی لەمشێوەیە درز بخاتە پەیوەندییەكان كە بەدڵنیاییەوە ئەمە روونادات. دوای رووداوەكەش پەیوەندیی راستەوخۆی بە  موشتاق مەحموود كەریم كردووە لە تەندروستییان دڵنیابووەتەوە.

لەبارەی دەنگۆی ئەوەی كە رووداوەكە دیوێكی رەگەزپەرستیی هەبووە وەك ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسی لێوەكراوە، هیمداد سەباح بیلال رایگەیاند، بەڕێز موشتاق مەحموود لە گوتەكانیدا لە بنكەی پۆلیسدا هیچ ئاماژەیەك بەوەنەداوە كە دروشمی رەگەزپەرستی و نەژادپەرستیی لەدژی خۆی و ئەندامانی خێزانەكەی بەكارهاتبێت و سەرباری ئەمەش پەیوەندییان بە رێكخستنەكانی گەنجانی پارتی بزووتنەوەی میللی توركیا “مەهەپە” لە مەرسین كردووە. ئەوانیش بۆ دڵنەواییدان بۆ خێزانی بەڕێز موشتاق، لە نەخۆشخانە سەردانیان كردوون و دووپاتیان كردووەتەوە كە ئەگەر هەر جۆرە رەفتارێكی نابەجێ بەناوی نەژادپەرستیی و جیاكردنەوەی نەتەوەیی نێوان تورك و كورد كرابێت ئەوان بەرپرسیار نین و رێگەش نادەن هیچ جۆرە رەفتارێكی بێڕێزی لە دژی برایانی كورد بكرێت.

رۆژی 13ی ئایاری 2021 كە هاوكات بوو بە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان، هاووڵاتییەكی شاری هەولێر بەناوی موشتاق مەحموود كەریم و هاوسەر و سێ منداڵەكەی بەئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بۆ بەسەربردنی رۆژانی پشووی جەژن و بۆ گەشتكردن بەرەو ئەنتاڵیا بەڕێكەوتبوون. لە بەرزاییەكانی نێوان هەردوو شارۆچکەی ئاناموور و بۆزیازی سەر بە مەرسین تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبن. دوای دەمەقاڵەی نێوانیان دەبێتە شەڕیان و هاووڵاتی موشتاق لەلایەن سێ كەسەوە بەسەختی بریندار دەكرێت.

 1,503 خوێنەر

Related Articles

Leave a Comment

دواین هەواڵ