وەزارەتی ناوخۆ راگەیاندراوێکی بلاو کردوە

by Umed Hawleri

ئەربیل_هیلال میدیا

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان  له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار چەکدارانی پەکەکە پەلاماری ھێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیان داوە و چەندین ئەفسەر وپێشمەرگەیان شەھید و بریندار کردووە و ھەموو ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئارامی وئاسایشی هەرێمی کوردستانە. بەداخەوە لە ڕۆژانی رابردووشدا شەش پێشمەرگەیان شەھید کرد و چەندین پێشمەرگەی تریش بریندار بوون .

ڕاشیگه‌یاند: چەندین ساڵە بەھۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە سەدان گوند و ئاوایی ناوچە سنووریەکان چۆلکراون و زیانێکی زۆری ماددی بەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کەوتووە. هاوکات بەردەوام ھەوڵی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوی و نا ئارامیان لە ناو هەرێم داوە ، ئەویش بە ڕێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی.

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاندووه‌: لێرەدا بە ڕای گشتی رادەگەیێنین کە پاراستنی ئارامی وسەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بە گشتی وهەولێری پایتەخت هێڵی سوورە ورێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەک و لە ژێرناوی هیچ گرووپێک ، ئەم سەقامگیریە تێک بدرێت. داواش لەو گرووپانەی بە ناو ئاشتی وئازادی دەکەین خۆیان نەکەنە ئامرازێک بۆ تێکدانی باری ئەمنیی هەرێم.

وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕاشیگه‌یاندووه‌: ئەگەر بە ڕاستیش نیازیان ئاشتی وئارامییە، با ڕووی قسەکانیان ئاراستەی قەندیل بکەن چونکە شەڕانگێزی ونائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گرووپانە داوا لە پەکەکە بکەن چیتر دەست نەخاتە ناو کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان وسنوورێک بۆ شەڕفرۆشییەکانیان و دژایەتی خەڵکی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان دابنێن

 696 خوێنەر

Related Articles

Leave a Comment

دواین هەواڵ