سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی پەیامێکی ئاراستەی پارتی و یەکێتی کرد

by Sara Attar

هیمداد صباح بلال ڕایگەیاند، ئێمە وەک پێکهاتەی تورکمان کە دووەم گەورەترین پێکهاتەی هەرێمی کوردستانین، ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ هەموو لێکنزیکبوونەوەیەک ڕادەگەینین.

دەقی ڕاگەیاندن:-

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان
سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیی و پەرلەمانییەکانی هەرێمی کوردستان
پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان

بابەت: دەستپێشخەری بەمەبەستی ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئێستای هەرێم

وەکو دەبینین دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان باش نیە، پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسیەکان گەیشتۆتە ئاستێکی خراپ، لایەنێکی سەرەکی پێکهێنەری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانی وەستاندووە، بژێوی ژیانی خەلکەکەمان وەک پێویست نیە، ئەوە جگەلەوەی هێشتا ئاسۆیەک نیە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی بەڕێز “محەمەد شیاع سودانی” کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند چارەسەر بکات بەتایبەت ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم کەخۆی لە مووچەی مووچەخۆران و بەشە دەرمان و پارەی جوتیارانی هەرێم دەبینیتەوە

لەلایەکی دیکەوە، قوڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی و ئابووری و بێچارە مانەوەی حزبەکان لە چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و سیاسیەکانی نێوانیان و، بارودۆخی عێراق و ململانێی بەردەوامی پێکهێنەرانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و دوا کەوتنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی یاسایی خۆیدا، ئێمەی لایەنە سیاسیی و کۆمەڵگەی کوردستانی لە گێژاوێکی سیاسی و بێدەرەتانییەکی ئابوریدا، ڕاگرتووە.

بۆیە، بەهەستکردنمان بە بەرپرسیارەتی، نیشتمانی، ئەخلاقی، مێژوویی و کاری پێکەوژیانی، پەیام و داواکاری خۆمان دەگەینین بە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت برایانمان لە “پارتی دیموکراتی کوردستان” و “یەکێتی نیشتمانی کوردستان”، کە گەورەترین و سەرکیترین دوو هێزی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمی کوردستانن، دەرگای گفتوگۆ و دانوستاندن دانەخەن و، لەڕێگەی دانیشتنی ڕاستەوخۆ بەشێک لە کێشە و ناکۆکی ئیداری، سیاسی و ئابووری نێوانیان چارەسەر بکەن، ئێمەش وەک پێکهاتەی تورکمان کە دووەم گەورەترین پێکهاتەی هەرێمی کوردستانین، ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ هەموو لێکنزیکبوونەوەیەک ڕادەگەینین.

هیمداد سەباح بیلال
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لەپەرلەمانی کوردستان

 72 خوێنەر

Related Articles

Leave a Comment

دواین هەواڵ